رۆحانی هۆشداری دەدات لە کەمبایەخ سەیرکردنی مەترسییەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، هۆشداری دا لە کەمبایەخ سەیرکردنی مەترسییەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و جەختی کردەوە کە پشت بەستن بە هەڵسەنگاندنی گەشبینانە ڕەنگە وڵات بەرەو قەیرانی مەترسیدار ببات.

حەسەن ڕۆحانی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پێشووی حکومەتەکەیدا ڕایگەیاند" هیچ بڕیار و یاسایەک بەبێ ڕەزامەندی گەل جێبەجێ ناکرێت. هیوا و گۆڕانکاری بەرچاو مەرجێکی سەرەکین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ناوخۆییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان".

وتیشی" پێویستە حکومەتی ئێستا هەنگاوی گەورە بنێت کە هاووڵاتیان هەستی پێ بکەن. هۆشداریشی دا کە نەبوونی ئامانجی گەورە و ڕوون، خەڵک بێ هیوا دەکات و ڕێگە بۆ زیادبوونی کێشەکان خۆش دەکات، ئەمەش وا دەکات نەیارە دەرەکییەکان چاوچنۆکییان بەرامبەر ئێران هەبێت".

حەسەن ڕۆحانی هۆشداری دا لە بێبایەخ سەیرکردنی مەترسییە ئەمنییەکان و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕابردوودا هەندێک شارەزا و بڕیارەدەست پێیان وابوو ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش ناکەنە سەر ئێران، بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت تواناکان بەهێز بکرێن و ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان هەبێت، نەک پشت بە لێکدانەوەی گەشبینانەی نادروست ببەسترێت.

وتیشی" ئەو هەڵسەنگاندنانەی ڕابردوو بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵات بەس نەبوون و ئەو لە هیچ کاتێکدا بەو لێکدانەوانە قایل نەبووە".



PM:04:55:18/12/2025