ڕوانگەی سوری: داعش لە ناو وەزارەتی ناوخۆی سوریادا هەیە

‌ڕامی عەبدولڕەحمان- بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداری داوە لە دروستبوونی کۆمەڵکوژی پێکهاتەکان لە سوریای داهاتوودا، بە هۆکاری دزە پێکردنی ئەندامانی داعش لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا.

پێنج شەممە، ١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند "ئەحمەد شەرع گرووپە چەتەکان وەک کارتێکی فشار بەکار دەهێنێت و کەسایەتییەکانی وەک ئەبو فازڵ و ئەبو عەمشە کە مێژوویەکی پڕ لە تاوانیان لە عەفرین هەیە، بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات دەکەن، بوونی کەسانی توندڕەو لە هەر پێکهاتەیەکی سەربازیی سووریا لە داهاتوودا مەترسییەکی گەورەیە، چونکە ئەو کەسانە بە چاوی نەفرەتەوە لە نەتەوەی کورد دەڕوانن". 

"قەسەدە خوازیاری بەشدارین لە سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو لەسەر بنەمای هاوبەشی، نەک سوپایەک کە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی کورد و عەلەوی و دروزییەکان، چونکە تێکەڵبوون بە سوپایەکی لەو شێوەیە بە خیانەت لە خوێنی ۱٥ هەزار شەهیدی شەڕی داعش دەزانن"، بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری وا دەڵێت. 

هەر ئەمڕۆ کۆمیتەی دانوستاندنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە کە"رێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ مانەوەی سێ لیوای سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو پێکهاتەی سەربازیی سوپای سووریادا."




PM:10:31:18/12/2025