دەوڵەت باخچەلی دژی خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان نییە


 سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی دژی خۆپیشاندانی دەم پارتی بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی پەکەکە نییەو، رایگەیاند " هەوڵەکانی دەم پارتی لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندایە و هیچ ڕێگرییەک پێویست نییە.

رۆژی هەینی ١٩ ی کانوونی یەکەم، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا مەهەپە، سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی بڕیارە لە ٤ی کانوونی دووەمی ۲۰۲٦ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بە درووشمی "ئازادی بۆ ئۆجالان” بەڕێوەبچێت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەوڵەت باخچەلی وتی " لە چوارچێوەی سنوورە ڕەواکانی ئازادیی بیروڕا و یاساکاندا، هەر پارتێکی سیاسی مافی کۆبوونەوە و ئەنجامدانی میتینگی لە شوێنە گشتییەکاندا هەیە".

لە درێژەی قسەکانیدا باخچەلی وتی " لە کاتێکدا جەهەپە ۷٥ میتینگی ئەنجامداوە و پارتە جیاوازەکان لە هەموو شوێنێک کۆدەبنەوە، نابێت میتینگی دەم پارتی بکرێتە کێشە".

" بە بڕوای من ئەو میتینگەی لە ئامەد بەڕێوەدەچێت هیچ لایەنێکی زیانبەخشی نییە، دەتوانن کۆببنەوە و داواکاری و بیروڕاکانی خۆیان بە دەنگی بەرز ڕابگەیەنن" .( باخچەلی وا دەڵێت ).

باخچەلی بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی با لە ٤ی کانوونی دووەمی ۲۰۲٦ کۆببنەوە و داواکانیان ئاشکرا بکەن، من هیچ قسەیەکی پێچەوانەم لەو بارەیەوە نابێت، چونکە ئەمە مافێکی دەستوورییە".

ماوەیەکە دەم پارتی بانگەشە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان دەکات و دروشمە سەرەکی خۆپیشاندانەکەش ؛ ئازادکردنی ئۆجالانە.







PM:11:25:19/12/2025