تورکیا و سوریا: هەسەدە هیچ نیازێکی نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٠ ئادار

‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا

هەردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا و سوریا دوای کۆبونەوەکەیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و  هەسەدەیان بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنی ١٠ ئادار تۆمەتبار کرد. 

دوو شەممە، ٢٢ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، سەراتا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند "ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری سوریا گرنگە، چونکە سەقامگیری سوریا واتا سەقامگیری تورکیا، تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا لە بەرژەوەندی هەموانە، بەڵام هەسەدە هیچ نیازێکی نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٠ ئادار، لە کۆبونەوەکەماندا باسی چالاکیەکانی هەسەدەمان کرد کە لە پەیوەیندیدایە لەگەڵ ئیسرائیل و لە جوڵەدان".

هەر لە بارەی ڕێکەوتنی ١٠ ئادارەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، ووتی "یەكێکە لەو ڕێکەوتنانەی بۆ یەک پارچەیی سوریا کراوە و هیچ وەڵامدانەوە و دەستپێشخەریەک لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە نەبوە، ئێمە دەست پێشخەر بووین، تەنانەت لە ڕووی سەربازیەوە هیچ دەست پێشخەرییەک نەبوە، دوێنێ هەسەدە پێیان ووتین، کە گوایە هەڵسەنگاندن دەکەن، بۆیە وەڵامیان نەبوە، و مەبەست لەو ڕێکەوتنە و جێبەجێکردنی بۆ پاراستنی یەک پارچەیی خاکی سوریایە".

بە قسەی وەزیرانی هەردوو ووڵات، جگە لە پرسی ڕێکەوتنی ١٠ ئادار لەسەر چەند پرسێکی دیکە قسە کراوە لەوانە، ڕوبەڕوبونەوەی داعش، پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە تورکیاوە بۆ سوریا، بازرگانی و کەرتی وزە. 

ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوە، یەشار گولەر وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، گیشتنە سوریا و لەگەڵ هاوتا سوریەکانیان کۆبونەوە. 




PM:04:51:22/12/2025