سەرۆک کۆماری تورکیا پرۆسەی ئاشتی بە پرۆسەیەکی "مێژوویی " ناودەبات و دەڵێت" هەرگێز پاشەکشە نابێتە جێی باس".
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتیدا بە بەرپرسانی راگەیاندووە" پرۆسەی چارەسەری مێژووییە و هەرگیز پاشەکشە نابێتە جێی باس".
سەرۆک کۆماری تورکیا بە پێویستی زانی پرۆسەکە بە هەستیارییەوە بەڕێوەبچێت و وتیشی "بە زمانێکی گشتگیر کە ٨٦ ملیۆن کەس لەخۆ بگرێ، پرۆسەکە روون دەکەینەوە. پێویستە زۆر ورد بین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین هیچ درزێک لە دیوارەکانی پارت و دەسەڵاتەکەمان دروست بێت."
ئەردۆغان رەخنەی لەو پارتانەی ئۆپۆزیسیۆن گرت کە لە پرۆسەکەدا هاوڕا و هاوکار نین و راشیگەیاند "بینیتان ئۆپۆزیسیۆن هیچ دیدگەیەکی بۆ خەمی خەڵک نییە. کارنامەی ئێمە گەورەکردنی تورکیایە، سەیری هەڵوێستەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناکەین و تەنیا سەرنج دەخەینە سەر کارنامە و مژارە راستەقینەکانی وڵات."