مەسعود پزیشکیان: ئێران لە جەنگێکی گەورەدایە

سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند'' وڵاتەکەمان لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا، لە شەڕێکی سەرتاسەری گەورەدایە.'' 

مەسعود پزیشکیان، لە نوێترین لێدوانیدا، باسی لەوەکرد، هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكارانه‌یه‌ی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئه‌وروپا نوێ نییه‌، به‌ڵكو زیاتر له‌ كاتی ده‌ستدرێژیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دژی ئێران په‌ره‌ی سه‌ندوه‌. 

 وتیشی'' هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر ئێران وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت و یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئێران هەموو پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ دەکاتەوە.'' 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستدرێژییەکانی پێشووی ئیسرائیل کە بە شەڕی ١٢ ڕۆژە ناسراوە، نەبووە هۆی داڕمانی پێشبینیکراوی ڕژیمی ئێران، هاوکات ئێران بە هێز و ئیرادەی گەلێکی یەکگرتوو، گەمارۆ و گوشارەکان تێدەپەڕێنێت.

سەبارەت بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی پزیشکیان دەڵێت'' سەرەڕای سزاکان، سوپای ئێران، بەراورد بە ڕابردوو، ئێستا بەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی پێشوو بۆ سەر وڵاتەکەمان بەهێزترە.'' 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم ساڵ، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئەمریکاش بە هەمان شێوە بنکە ئەیۆمییەکانی ئێرانی بە ئامانج گرت. 





PM:09:24:27/12/2025