عەلەوییەکان لە چەندان شار و شارۆچکەی سوریا خۆپیشاندانی فراوانیان ساز کرد


دانیشتووانی شار و گوندەکانی کەنارو و ناوخۆی سووریا، ئەمڕۆ یەک شەممە لە خۆپێشاندانێکی ئاشتییانەی فراواندا دژی سیاسەتەکانی حکوومەتی گواستنەوە (ئینتقالی) لە سووریا هاتنە سەر شەقام، ئەم خۆپیشاندانە کە چەندان شارو شارۆچکەی گرتووە ئامانج لێیان ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان، چەسپاندنی فیدراڵیزم و مافی چارەی خۆنووسین. 

هەوار نیوز میدیای نزیک هەسەدە رۆژی یەک شەممە بڵاویکردەوە کە لەچەندان شار و شارۆچکە خۆپێشاندەران چەندین تابلۆ و دروشمیان بەرزکردبوەوە، لەوانە: "عەلەوی، سوننە، مەسیحی، درووز، کورد؛ هەموومان براین"، "فیدراڵیزم بە واتای دابەشبوون نییە.. فیدراڵیزم مافی هەموو گەلێکە"، "نا بۆ شەڕی ناوخۆ.. بەڵێ بۆ فیدراڵیزم" و " لامەرکەزییەت) مان دەوێت.

 خۆپێشاندەران لە چەندین شوێن ڕووبەڕووی هێرشی ئەو گرووپانە بوونەوە کە لایەنگری حکوومەتی گوازراوەن، دیارترینیان لە "دوار زەراعە" لە شاری لازقییە، "دوار عەمارە" لە شاری جەبلە، و گەڕەکی "قوسوور" لە بانیاس بوون. لەوێ هێرشی لێدان و بەکارهێنانی ئامڕازی تیژ تۆمارکراوە، جگە لە ڕێگریکردن لە چالاکوانانی ڕاگەیاندن بۆ بەدۆکۆمێنتکردنی ڕووداوەکان و دەستگیرکردنی هاوڵاتییان لە هەندێک ناوچە.

هەروەها ژمارەیەک خۆپێشاندەر لە شاری لازقییە بەهۆی تەقەکردنەوە بریندار بوون. لە شاری جەبلەش چەند کەسێکی تر بریندار بوون کە باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە، ئەمەش دوای هێرشێکی گرووپە لایەنگرەکانی حکوومەت کە چەقۆ و ساتووریان بەکارهێناوە لە نزیک "دوار عەمارە"، کە بووە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە شوێنەکەدا.

لە هەمان چوارچێوەدا، لایەنگرەکانی حکوومەت، بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز، هاوکات چەندان بازگەی ئەمنی و داخستنی ڕێگاکان لە چەندین گەڕەک و شاری کەنارو و گوندەواری ڕۆژئاوای حومس کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەلەوین.

"دوار ئەزهەری" لە شاری لازقییە گرژیی زیاتری بەخۆیەوە بینی، کاتێک هێزەکانی ئاسایشی گشتی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران تەقەیان کرد؛ دواتر ئەمە بارگژییە پەرەی سەند و بووە هۆی هەوڵی شێلان بە ئۆتۆمبێل و بەردبارانکردنی ماڵان.

لە شاری بانیاس لە گوندەواری تەرتووس، گەنجان لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە شوێنی خۆپێشاندان لە گەڕەکی "قوسوور" کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی حکوومەت. هەروەها لە گوندی "فاحل" لە گوندەواری ڕۆژئاوای حومس، حاڵەتەکانی دەستگیرکردن، لێدان و شکاندنی مۆبایلی هاووڵاتییان تۆمارکراوە.

وەک هاوار نیوز ئاماژی بۆ دەکات، ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانەکان بۆ داواکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان لەچەند شار وشارۆچکە بەردەوامن و بەرە بەرە فراوانتر دەبن.




PM:05:14:28/12/2025