رووسیا لەسەر ئێران هاتەدەنگ

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە زمانێکی توند و هۆشداریدەرانە هاتە دەنگ و داوای لەو لایەنانە کرد کە بە "کەللـە گەرمەکان" ناوی بردن، خۆیان لە هەر سەرکێشییەکی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزن. مۆسکۆ جەختی کردووەتەوە هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی تاران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کارەساتێکی گشتگیر دەبات.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا نیگەرانی قوڵی خۆی لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەربڕی و ئەو سیاسەتەی بە "نابەرپرسیارانە" وەسف کرد و ده‌ڵێت"دەرئەنجامی جددی لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سیاسەتێکی نابەرپرسیارانە نیشان دەدات کە کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر ڕژێمی جیهانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە".

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا له‌ لێدوانێكدا ڕایگەیاند، "ڕوسیا داوا ده‌كات وڵاتان خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دەوروبەری ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدوربگرن".

مۆسکۆ جەختی لەوەکردەوە، ئەو جۆرە کارانە کاریگەریی زیانبەخشیان لەسەر ڕژێمی جیهانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە و دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسیی ململانێیەکی گەورە دروست بکات.



AM:11:45:31/12/2025