لە خۆپیشاندانەکان دژ بە حکومەتی ئێران سێ هاوڵاتی کوژران


لە شاری ئەزنای لوڕستان شەوی ڕابردوو سێ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان کوژران.

لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا، شەوی پێنج شەممە، ١ کانوونی دووەم ٢٠٢٥، لە شاری ئەزنای سەر بە پارێزگای لوڕستانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران و بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگاکەش دەڵێت "ژمارەیەک خۆپیشاندەر ویستویانە هێرش بکەنە سەر بنکەی پۆلیس و لە ئەنجامدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێ کردوون و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش بریندارن".   
 
بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان تا ئێستا، چوار کەس لە  لوڕستان، لە شاری لۆردگانی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو کەس، لە فولادشەهری ئیسفەهان کەسێک، لە شاری فەسای پارێزگای فارس کەسێک،  کوژراون، بەڵام تا ئێستا ئاماری فەرمی ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لەبەر دەستدا نییە.

 لە ڕۆژی یەک شەممە، ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە هۆی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن، مانگرتن و خۆپیشاندانی کاسبکاران لە تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بەشێک لە توێژەکانی دیکەی لە پارێزگاکانی تر گرتەوە و تا ئێستا بەردەوامە. 




AM:09:44:02/01/2026