ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و هەڕەشە دەکات


سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و دەڵیت "پێویستە گەلی ئەمریکا بزانێت کە ترەمپ ئەم سەرکێشییەی دەستپێکردووە، پێویستە ئاگاداری سەربازەکانیان بن".

هەینی، ٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی ئێران ڕایگەیاند "پێویستە ترەمپ بزانێت دەستوەردانی ئەمریکا لەم پرسە ناوخۆییەدا یەکسانە بە تێکچوونی دۆخی تەواوی ناوچەکە و لەناوبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا،  بە هەڵوێستی بەرپرسانی ئیسرائیل و ترەمپ، پاشخانی ڕووداوەکە ڕوون بووەوە، ئێمە هەڵویستی کاسبکارانی ناڕازی لە کەسانی تێکدەر جیا دەکەینەوە".

ئەم بەیانیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە ووتی" ئەگەر ئێران تەقە بکات و بە تووندوتیژی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دێت و ئێمە پڕ چەکین".

بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان تا ئێستا، چوار کەس لە  لوڕستان، لە شاری لۆردگانی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو کەس، لە فولادشەهری ئیسفەهان کەسێک، لە شاری فەسای پارێزگای فارس کەسێک،  کوژراون، بەڵام تا ئێستا ئاماری فەرمی ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لەبەر دەستدا نییە.

 لە ڕۆژی یەک شەممە، ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، بە هۆی گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن، مانگرتن و خۆپیشاندانی کاسبکاران لە تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بەشێک لە توێژەکانی دیکەی لە پارێزگاکانی تر گرتەوە و تا ئێستا بەردەوامە. 




PM:12:42:02/01/2026