ئێران.. ٨ خۆپشاندەر کوژراون و ١٣٢ کەس دەستگیر کراون

‌دیمەنی خۆپشاندان لە ناوچەیەکی تاران لە. وێنە: ئاژانسی فارس نیوز AP
خۆپیشاندانەکانی ئێران پێی ناوەتە حەوتەمین ڕۆژی خۆیەوە. شەوی ڕابردوو شارەکانی ئێران شایەتی ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت بوون و بە پێی ئامارەکان لانیکەم ١٣٢ کەس دەستگیرکراون و هەشت کەسێش ب تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون .

ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەردەخەن کە خۆپیشاندەرانێکی زۆر دەستگیر دەکرێن، هەواڵنێری تایبەتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران نیگەرانی خۆی لە "کوشتنی هەشت خۆپیشاندەر" لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە دەربڕی.

هاوکات ئێران لە نامەیەکی بەپەلەدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران بە "دەستێوەردانگەری" ناوبرد.

بەپێی زانیاری و ئەو داتایانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە کۆکراونەتەوە، لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و شەپۆلی بەرفراوانی دەستگیرکردنەکاندا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم ٧٧ هاووڵاتیی دیکە لەوانە ٤٥ هاووڵاتیی کورد و ٢٣ هاووڵاتیی لوڕ لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە لە نێوانیاندا لانی کەم ٤ ژن و ٦ منداڵ هەن.

بەم شێوەیە و بە ئەژمارکردنی ئەم ٧٧ هاووڵاتییە دەستگیرکراوە لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەمدواییە کە شوناسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە، گەیشتە ١٣٢ کەس.

ماوەی ٧ رۆژە بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەکان لە چەند شارێکی ئێران خۆپشاندان دەستیپێکردووە و بەگوێرەی گرتە میدیاکان هێزێکی زۆری ئەمنی لە هەمووشارەکانی ئێران بڵاوەی پێکراوە و گرژی دروستبووە و چەندین خۆپشاندان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون .




AM:11:28:03/01/2026