کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێران، ئامارێکی نوێی دەستگیرکردن و بریندارکردنی ژنانی لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرگری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنییەوە هەڵیان کوتاوەتە سەر بەشەناوخۆیی کچان لە زانکۆی نیشتمانی تاران و سێ خوێندکار و سکرتێری ئەنجومەنی خوێندکارانی کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی خوێندکارانی زانکۆی تاران دەست بەسەر دەکەن.
لە شاری ئەسفەهانیش، مەهشاد کەشانی خوێندکاری زانکۆ و و زیندانی سیاسیی پێشووی ئێران لەکاتی بەشداربوونی لە خۆپیشانداندا دەستگیرکرا.
هەر بە پێی ڕاپۆتەکە، مەهناز قاسمی خەڵکی گیلان، نازەنین زەهرا موسەوی، زەهرا مەهدەوی، هەردووکیان تەمەنیان ١٧ ساڵ لە خوزستان، دوو ژنی چالاکوانی مافی ژنان بە ناوەکانی یەکتا دەرزادەی ٢٠ ساڵ، سوهەیلا حیجاب، زەهرا ئێزدنیای تەمەن ٢٦ ساڵ، بۆیەر ئەحمەد، دەستگیر کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە ئەو ژنەی بریندار بوە ناوی سەغەر ئیعتمادی، لە ناوچەی فارسە لە پارێزگای چوار مەحەل و بەختیاری، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەران گولە بەر سەری دەکەوێت لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.
لە ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردوە و تا ئێستا ئاماری فەرمی ژمارەی کوژراو و بریندار و دەستگیرکراوەکان دیار نییە، بە شێوەی دروست و فەرمی، بەڵام باس لە کوژرانی دەیان کەس و دەستگیرکردنی سەدان کەس دەکرێت لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە.