حکومەتی ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل گەیشتنە رێککەوتن

کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئیسرائیلی- سوریا- ئەمریکا کۆتایی هات و حکومەتی شەرع و ئیسرائیل رێککەوتن و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا هەردووک وەزیری دەرەوەی سوریا و تورکیا چاویان بەیەک کەوت.

ئێوارەی رۆژی شەممە  کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئیسرائیل- سوریا - ئەمریکا، لە پاریس کۆتایی هات و ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان "ئیسرائیل" و سوریا بە فەرمی.

هەروەها لە بوارە مەدەنییەکانی پزیشکی و وزە و کشتوکاڵ لە نێوان هەردوولا گەیشتوونە رێککەوتن و لیژنەی بۆ دیاری کراوە.

لە پەراوێزی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل ، ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە. 

دیداری هاكان فیدان و ئەسعەد شیبانی لە پاریس لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە بەنێوەندگیری ئەمریكا وەفدی ئیسرائیل و سوریا لە دانوستاندان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەمنی نوێ.

كۆبونەوەكە هاوكاتە لەگەڵ پەلاماری گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی سوریا بۆسەر ناوچە كوردنشینەكان لە حەلەب. 

پەرەسەندنە سەربازییەكە، دوای چەند رۆژێك دێت لە سەردانی ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ دیمەشق بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی یەكخستنی هێزە سەربازییەكان لەچوارچێوەی سوپای نوێی سوریا، كە ئەمە داواكارییەكی سەرەكی توركیایە لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، كۆبوونەوەكە بەقسەی یەكێك لە ئەندامە بەشدارەكانی هەسەدە (ژەنەراڵ سیپان حەمۆ) هیچ ئەنجامێكی نەبووەو تاكە شتێك كە رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوە بووە درێژە بە كۆبوونەوەكان بدرێت. 




PM:07:24:06/01/2026