"ئێران بەردەوام بێت لە کوشتنی خۆپیشاندەران، ئەمریکا ڕێبەری باڵا دەکوژێت"

‌لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا

سیناتۆرێکی ئەمریکی باس لە ئەگەری بەردەوامی کوشتنی خۆپیشاندەران دەکات لە ئێران و ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەوا ڕێبەری باڵای ئێران دەکوژن و سەرۆکی ڤەنزوێلاش دەکاتە نمونە بۆ ئێران.

لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا، چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند "ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوام بن لە کوشتنی ئەو خەڵکەی داوای ژیانێکی باشتر دەکەن، ئەوا دۆناڵد ترەمپ ڕێبەری باڵای ڕژێمی ئێران(عەلی خامنەیی) دەکوژێت، پێویستە سەرکردایەتی تاران ترەمپ بە هەند وەربگرن، چونکە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی هێزی کوشندە دژی مەدەنییەکان، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرزترین ئاستدا ".

ئەو سیناتۆرە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە " ئەمریکا چیتر بەرامبەر سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندەران بێدەنگ نابێت".

لیندسی گراهام سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکاتە نمونە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و ووتی"مانەوەی مادورۆ لە دەسەڵاتدا هەڵەیەکی کوشندە بوو بۆ پێگەی ئەمریکا، دەبێت ئەمە پەیامێکی ڕوون بێت بۆ ئێران کە واشنتۆن ڕێکاری توند بەرامبەر توندوتیژییەکان دەگرێتە بەر".


٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە و بەشێك لە شارەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتوەتەوە، بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نزیکە ٣٠ هاوڵاتی کوژراون و بە سەدان کەس بریندارن و هەزارەها کەسیش دەستگیر کراون. 





PM:10:36:07/01/2026