مەسعود پزیشکیان: خۆپیشاندانەکان دەستی دەرەوەن

‌مەسعود پزیشکیان- سەرۆک کۆماری ئێران

سەرۆک کۆماری ئێران پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و دەڵێت " ئەوانەی مزگەوت و بازاڕ دەسووتێنن، هی ئەم وڵاتە نین، بەڵکو تیرۆریستن و لە دەرەوە راهێنراون و بە ئامانج زیان بە شوێنە گشتییەکان و موڵکی خەڵک دەگەیێنن".

یەک شەممە، ١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا، ئەمریکا و ئیسرائێلی بە هۆکاری ئاژاوەگێڕی لە ئێران تۆمەتبار دەکات و ڕایگەیاند " نابێت خێزانەکان ڕێگا بدەن گەنجەکانیان ببنە بەشێک لەو ئاژاوەگێڕییەی کە لەلایەن دوژمنانی دەرەکییەوە ئاراستە دەکرێت".

لە ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردوە و تا ئێستا بەردەوامە، بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو "٥٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان کوردن"، جگە لەوەی بە سەدان کەس بریندارن و دەستگیرکراون، وە لە ڕۆژی پێنج شەممەوە ئێران ئینتەرنێتی بڕیوە و ڕێگا بەهاتنە دەرەوەی زانیارییەکان نادات. 




PM:06:09:11/01/2026