خامنەیی بۆ ترەمپ: تۆش وەک فیرعەون دەروخێیت

‌ئەو وێنەی کە لەلایەن خامنەیی رێبەری ئێران لە (ئێکس) بڵاوکراوەتەوە
لە بەرامبەر زیادبوونی هەڕەشە کانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دژی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران، ناوبراوی بە "فەرمانڕەوایەکی ستەمکار و چاوچنۆکی وەسف کرد" و ئاماژەی بە ڕووخانی ئەمریکا کرد وەکوو ستەمکارە مێژووییەکانی فیرعەون و نەمروود.

خامنەیی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) کە پەیکەری ترەمپ وەک پەیکەرێکی فیرعەون وردکراوە، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ترەمپ ڕوونکردەوە.

خامنەیی بە زمانی فارسی لە سەر وێنەکەدا نووسیویەتی" ئەو باوکەی کە بە لووتبەرزی و شانازییەوە لەوێ دادەنیشێت و حوکمی لەسەر هەموو دونیا دەدات، دەبێ ئەوەش بزانێت کە ستەمکاران و سەربەرزەکانی جیهان، وەک فیرعەون، نەمرود، ڕەزاخان، محەمەد ڕەزا و هاوشێوەکانیان، بەزۆری لە لوتکەی خۆبەزلزانینیان کەوتوون و ئەمیش وەک فیرعەون دەکەوێت".

ئەم وەڵامە لە لوتکەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دێت، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی ترامپ بۆ گرتنەبەری "بژاردەی زۆر بەهێز" دژ بە ئێران، لەوانەش ڕەچاوکردنی کردەوەی سەربازی و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد و ئێستا زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە و بەشدارییەکی بەرچاو لە شارە گەورە و بچووکەکانی سەرتاسەری وڵاتدا هەیە.

ماوەی سێ رۆژە ئینتەرنێت وهێڵی تەلەفۆن لە سەرتاسەری وڵات لە وەڵامی خۆپیشاندانەکاندا پچڕاوە.

 ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیانی گیانی و دەستگیرکردنی بەربڵاوی خۆپیشاندەران و وەڵامدانەوەی سەرکوتگەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکەن.

ناڕەزایەتییەکان لەسەر قەیرانی ئابووری، داڕمانی دراو، هەڵاوسان، و بژێوی ژیان دەستی پێکرد، بەڵام درێژبووەتەوە بۆ داخوازییە سیاسییەکان.

بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەوماوەیەدا زیاتر لە ١٩٢ خۆپشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون.




AM:09:51:12/01/2026