ئێران بێ دادگایکردن خۆپیشاندەرێک لە سێدارە دەدات


ماڵپەڕی دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران بڵاویکردوەتەوە کە سبەینێ ئێران خۆپیشاندەرێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بە بێ دادگایکردن لە سێدارە دەدات.

سێ شەممە، ١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، عیرفان سوڵتانی تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی فەردیسی شاری کەرەجە و بەشداربووی خۆپیشاندانەکانە و دوای دەستگیرکردنی ڕاستەوخۆ بڕیاری لە سێدارەدانی بە بێ دادگایکردن بۆ دەرچووە.

 بە پێی هەواڵی مەڵپەڕی دەستگیرکراوان "٩لە ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، عیرفان سوڵتانی لە شوێنی نیشتەجێبوونی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە ڕفێندرا و بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت، سزای لەسێدارەدانی بە خێزانەکەی ڕاگەیەنراوە و دەرفەتی بەدواداچوونی پڕۆسەی دادوەرییان لێ بێبەش کراوە".

ڕۆژی ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خۆپیشاندانەکان لە تارانی پایتەختەوە دەستی پێکردوە و تا ئێستا زۆربەی ناوچەکانی گرتوەتەوە، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتدارانی ئێران هێرشەکانیان زیاتر دەکەن بۆ سەر خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەوەی هیچ ئامارێکی فەرمی بۆ کوشتنەکان نییە، بە هۆکاری بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی هیچ زانیاریەک و دیمەنێک لە پێنج شەمەی هەفتەی ڕابردوەوە ناچێتە دەرەوە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوشتنی زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر و برینداربوونی هەزاران کەس و دەستگیرکرانی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەکرێت. 




PM:05:42:13/01/2026