"زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەر لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە ئێران کوژراون"

‌وێنەیەک لە دیمەنی بڵاوکراوەی ئەمڕۆی کەهریزەکی تاران

بۆ جاری دووەم ڕۆژنامەنووسێکی ئێران ڤیدیۆیەکی نوێ لە کەهریزەکی تاران بڵاودەکاتەوە و باس لەوە دەکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە "کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار کەس دەکەن لە ماوەی دوو ڕۆژدا" .

سێ شەممە، ١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئەڤشین ئیسماعیلی، ڕۆژنامەنووس، بۆ جاری دووەم  گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێ بڵاو دەکاتەوە، کە لە دیمەنەکاندا ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر پیشان دەدرێن کە گیانیان لە دەستداوە و شوێنەواری برینداربوون بە جەستەیانەوە دیارە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاند "چالاکوانان و شایەتحاڵەکان دەڵێن سەرکوتکردنەکە زۆر توندوتیژتر بووە، هەندێک ڕاپۆرت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٢,٠٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، بەڵام ئەم ژمارانە ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێنەوە، چونکە میدیا و ئینتەرنێت بە توندی سنووردار کراون".

ئەڤشین ئیسماعیلی نوسیویەتی "ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە خەڵکی ناوخۆی ئێران چۆن دۆخەکە وەسف دەکەن، گەواهیدانی ئەوان زۆر ناخۆش و هەژێنەرە، باس لە توندوتیژییەکی بەرفراوان، ترس و پشێوی دەکەن، زۆربەی ئەو شتانەی ڕوودەدەن لە چاوی جیهانی دەرەوە بە شاراوەیی ماونەتەوە".

سەبارەت بە هەمان بابەت هەر ئەمڕۆ نیویۆرک تایمز بڵاویکردوەتەوە" هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە کوشندەترین شێوە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن، شایەتحاڵەکان و ڤیدیۆکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی کوشتن تەقە لە سنگ و سەری خۆپیشاندەران دەکەن، قوربانییەکان لە نەخۆشخانەکان دەڕفێنرێن، هێزە ئەمنییەکان تەرمی قوربانییەکان لە نەخۆشخانەکان دەبەن بۆ شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان، لەنێو قوربانییەکاندا منداڵی تەمەن ١٠ ساڵان هەیە کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە".

لای خۆشیەوە، ڤۆڵکێر تۆرک، لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند "پەرەسەندنی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان لەدژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لەئێران ترسناکە، ئەم توندوتیژییە ترسناکە نابێت بەردەوام بێت، پێویستە گوێ لەداواکارییەکانی گەلی ئێران بۆ دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی بگیرێت".

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز بەرپرسێکی ئێرانی  بە ئاژانسەکەی وتوە " لەوەتەی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییەکان لەسەرتاسەری ئێراندا دەستیپێکردووە، نزیکەی دوو هەزار کەس لەنێویاندا کارمەندانی ئەمنی گیانیان لەدەستداوە".

ڕۆژی ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ خۆپیشاندان لە تارانی پایتەختەوە دەستی پێکرد و بە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بۆوە، بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی خۆپیشاندانەکان و کۆنترۆڵکردنیان و ڕیگەنەدان بە پەیوەندیکردن، دەسەڵاتدارانی ئێران هەموو هێڵەکانی پەیوەندییان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لە ڕۆژی پێنج شەممەی هەفتەی ڕابردوەوە بڕیوە. 




PM:06:51:13/01/2026