قەتەر ڕونکردنەوەیەکی لە بارەی چۆڵکردنی بنکەی عودەید بڵاوکردەوە


ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی قەتەر لە بارەی چۆڵکردنی بنکەی ئاسمانی عودەید لەلایەن بەشێک لە کارمەندانی سەربازیی ئەمریکاوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و هۆکاری چۆڵکردنەکەش دەگێڕێتەوە بۆ دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە.

چوار شەممە، ١٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، نوسینگەی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی قەتەر ڕایگەیاند " قەتەر سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ گەرەنتییکردنی ئاسایش و سەلامەتیی هاوڵاتییان و ئەو بیانییانەی لەسەر خاکی وڵاتەکەن"، ئاماژە بەوەش کراوە ئەو هەنگاوانەی نراون لە سایەی ئەو گرژییانەدان کە لە ناوچەکە ڕوویانداوە. 
 
 بنکەی ئاسمانیی عودەید، بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئەمریکایە لە قەتەر و لە ساڵی ١٩٩٦ بەگوێرەی رێککەوتنێک لەنێوان واشنتن و دەوحە بنیاتنراوە، و ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە کە بەشێک لە سەربازە ئەمریکیەکان بنکەکەیان جێ هێشتوە.

دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان لە ٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردوە و تا ئێستا بەردەوامە، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە کە لە بەرامبەر بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران هێرش دەکەنە سەریان، ئێرانیش لە وەڵامدا دەڵێت " کە ئەوان ئامادەی شەڕن و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج". 




PM:08:41:14/01/2026