وەزیری دەرەوەی ئێران: دڵخۆشین بە کۆتایهێنان بە یونامی و چۆڵکردنی بنکەی عەین ئەسەد لە عیراق

‌وێنەیەک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی ئەمڕۆ

وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک لە تارانی پایتەختی ئێرانە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی کۆبۆوە و لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر چەند پرسێک قسەیان کرد. 

یەک شەممە، ١٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، فواد حسێین، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بارەی سەردانەکەیەوە ڕایگەیاند "سەردانمان بۆ ئێرانی دراوسێ لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەدایە کە هەردوو وڵات کۆدەکاتەوە، ئەم پەیوەندییە تەنیا لەنێوان دوو حکومەتدا نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی جوگرافی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریی فرەچەشنە".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت دۆخی عێراقەوە وتی "کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی (UNAMI) لە عێراق و چۆڵکردنی بنکەی عەین ئەسەد لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و رادەستکردنی بە هێزە عێراقییەکان، نیشانەی بەهێزبوونی سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی عێراقە، ئێمە زۆر بەوە دڵخۆشین". 

عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی هیواخوازە عێراق بەهێز و سەقامگیربێت. 

وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر بانگێشتی هاوتا ئێرانیەکەی لە تارانە و بڕیارە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە لە ناویشیاندا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران. 
 
 




PM:03:38:18/01/2026