سیناتۆری دیاری ئەمریکی، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی حکومەتی نوێی سوریا کرد و ڕایگەیاند'' هەر هەوڵێکی هێزەکانی حکومەت بۆ زیاتر پێشڕەویکردن لە ناو شاری ڕەققە لە باکووری وڵات، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە.''
لیندزی گراهام، دووشەممە ١٩ی کانونی دووەم، جەختی کردەوە کە ئەگەر هێرشەکان نەوەستێنرێن، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی "سزاکانی قەیسەر" کە سزای ئابووری زۆر توندن و ئابووری سوریا پەکدەخەن.
وتیشی'' وەکو دیارە بەرپرسانی ئێستای سوریا گوێ لە قسەکانی ئەو و بەرپرسانی تری ئەمریکا ناگرن، ئەگەر هیچ گرنگی بە قسەکانی ئێمە نادەن، فەرموون بەردەوام بن، بەڵام باجەکەی ئەوەیە نەک تەنیا سزای سەخت دەسەپێنین، بەڵکو پەیوەندییە سیاسییەکانیش بۆ هەمیشە تێکدەچن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گراهام ڕایگەیاند کە زۆر هەوڵی داوە لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا دادپەروەر بێت، بەڵام پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێڵی سوورە.