ماکرۆن بۆ ترەمپ: لەسەر سووریا بە تەواوی هاوڕاین

سەرۆکی ئەمریکا، دەقی نامەیەکی تایبەتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسای بڵاوکردەوە کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە بۆی ناردووە. 

لە نامەکەدا ماکرۆن بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە پاریس و واشنتن لەسەر دۆسیەی سووریا هەماهەنگی تەواویان هەیە و دەڵێت'' هاوڕێکەم، لەسەر سووریا ئێمە بە تەواوی هاوڕاین." ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە سووریا بە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزی سەربازیدا تێدەپەڕێت.

جگە لە بابەتی سووریا، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامەکەیدا ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ کارکردن  لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ئێران نیشانداوە. 

لە هەمان کاتدا، ماکرۆن سەرسوڕمانی خۆی لە بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتن یان کڕینی "گرینلاند" دەربڕیوە کە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری سەر بە دانیمارکە و نووسیویەتی'' من تێناگەم تۆ لەسەر گرینلاند چی دەکەی!"

بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی زیاتر، ماکرۆن پێشنیازی کردووە دوای کۆتاییهاتنی کۆڕبەندی داڤۆس، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی گرووپی حەوت لە پاریس ڕێکبخرێت. 

ماکرۆن داوای کردووە لە پەراوێزی ئەم لوتکەیەدا، نوێنەرانی سووریا، ئۆکراینا، ڕووسیا و دانیمارک بانگهێشت بکرێن بۆ تاوتێکردنی قەیرانە هەنووکەییەکان.




AM:10:31:20/01/2026