سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا جەختی کردەوە کە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هاتۆتە ئاراوە سەبارەت بە ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە داهاتووی پارێزگای حەسەکەوە.( بەڵام تا ئێستا هەسەدە ئەو زانیاریانەی پشتراستنەکردۆتەوە).
ئێوارەی ٢٠ ی کانوونی دووەم سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی "سانا" کۆپییەکی دەستکەوتووە بڵاویکردۆتەوە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتن کراوە ماوەی چوار ڕۆژ بدرێتە بە هەسەدە بۆ ڕاوێژکردن بەمەبەستی دانانی پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی تێکەڵکردنی ناوچەکان بە شێوەیەکی کردەیی.
سەرۆکایەتی سوریا ڕایگەیاندووە" لە ئەگەری ڕێککەوتندا، هێزەکانی سوریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و لە دەوروبەریان دەمێننەوە، بەو مەرجەی دواتر گفتوگۆ لەسەر خشتەی کاتی و وردەکارییەکانی تێکەڵکردنی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەکە بکرێت، بە شاری قامیشلۆشەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی سوریا ناچنە ناو گوندە کوردییەکانەوەو، هیچ هێزێکی چەکدار لەو گوندانەدا نابێت جگە لە هێزە ئەمنییە خۆجێیەکانی خەڵکی ناوچەکە، بەپێی ڕێککەوتنەکە.
سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە " بەڕێز مەزڵوم عەبدی کاندیدێک لە هەسەدە بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری پێشنیار دەکات، جگە لە پێشنیارکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە، و ناو بۆ نوێنەرایەتیکردن لە ئەنجومەنی گەل و لیستێکی کەسانیش بۆ دامەزراندن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا".
سەۆکایەتی سوریا جەختیشیکردەوە کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر تێکەڵکردنی سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لەناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆکان لەسەر میکانیزمی وردی تێکەڵکردنەکە، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکانیش دەخرێنە ناو پێکهاتەی حکومەتی سوریاوە.
ڕوونی کردەوە کە مەرسوومی ژمارە ١٣ی تایبەت بە مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان و مافی هاوڵاتیبوونی کورد جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش گوزارشت لە پابەندبوونێکی هاوبەش دەکات بۆ بونیادنانی سوریایەکی یەکگرتوو و بەهێز کە لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی و گەرەنتی مافی هەموو پێکهاتەکانی بێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لە کاتژمێر هەشتی ئەمشەو بەدواوە دەستپێدەکات.
تا ئێستا بەڕێوەبەری خۆسەرو هەسەدە هیچ زانیارییەکی فەرمیان لەو بارەیەوە وەک هەڵوێستی خۆیان بڵاونەکردۆتەوە، هەر جارێکیش حکومەتی سوری رێککەوتنێکی راگەیاندبێت هاوکات دەستی بە هێرشیش بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر کردووە.