ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە " لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە دۆسیەی سووریا نیشان بدات، واشنتۆن تاوتوێی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکات".
بەپێی سەرچاوەکە، گفتوگۆکان لەناو ئیدارەی ترەمپ بەردەوامەو باس لە چەندین سیناریۆ بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە کراوە، تا دەگاتە کشانەوەی تەواوەتی، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە لەسەر هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی "داعش"، هەروەها هاوسەنگییە ئەمنییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، و پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە و گفتوگۆکان پەیوەستن بە هەڵسەنگاندنە ئەمنی و سیاسییەکانەوە، لەوانە داهاتووی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان، مەترسیی گەڕانەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەکان، جگە لە حساباتی فراوانتر سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە پەرەسەندنە خێراکانی هەفتەی ڕابردوو وایکردووە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) گومان لە سوودی مانەوەی ئەرکی سوپا لە سووریا بکات، ئەمەش دوای پاشەکشەی "هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە".
ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسانەوە گواستوویەتییەوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا دژی کوردەکان، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە شێوەیەکی مەترسیدار لەو شوێنانە نزیک بوونەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرکراون، هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لانی کەم یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک یەکێک لە دامەزراوەکانیان خستووەتە خوارەوە.
یەکێک لە بەرپرسەکان زیاتری ئاشکرا کردووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر سەربازگەکانی "هێزەکانی سووریای دیموکرات" لە ناو بنکەیەکدا کە هێزەکانی ئەمریکاشی لێیە.
ئەمەریکا هەزار سەربازی لە سوریایەو زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێرە دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتن.