سەرۆکی رەوەندی کوردی لە ئیسرائیل لە پێناو پاراستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئاماژە بۆ نامەیەکی ئەندامێکی پەرلەمانی ئیسرائیل دەکات کە ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ کراوەو داوای لێدەکات رێکاری پێویست دژی کوشتار بەرامبەر کورد بگرێتەبەر.
یەهودا بن یوسف سەرۆکی رەوەندی کوردی لە ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی" چوارچێوەی هەوڵە سیاسییە بەردەوامەکانی لە ناو پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وەک سەرۆکی ڕەوەندی کوردی لە ئیسرائیل و بەرپرسی هەماهەنگیی هەوڵەکانی پشتیوانی لە پرسی گەلی کورد، ئاشکرای دەکات کە "ئەمیت هەلێڤی" ئەندامی کنێسێت نامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆک وەزیران "بنیامین ناتانیاهۆ" کردووە و تێیدا داوای جووڵەیەکی بەپەلەی کردووە بۆ ڕاگرتنی کوشتار و پێشێلکاری سیستماتیک دژی گەلی کورد".
یەهودا بن یوسف ئاماژە بە ناوەرۆکی نامەی ئەو ئەندام کنێستە دەکات و دەڵێت تیایدا هاتووە "لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆییە کە بە هەموو توانایەکیەوە بجووڵێت بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامیی هەڵمەتەکانی کوشتار دژی گەلی کورد، بەتایبەتی لە سایەی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."
لەم چوارچێوەیەدا، یەهودا بن یوسف جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەربڕینی پابەندبوونێکی مێژوویی و ئەخلاقییە بەرامبەر بە گەلی کورد، کە لەگەڵ ئیسرائیلدا هاوبەشی هەمان ئەو بەهایانەن کە بریتین لە تێکۆشان بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆیی. هەروەها وتیشی:
"لە ئاست ئەم کارەساتەدا بێدەنگ نابین و دەستبەرداری هاوپەیمانەکانمان نابین کە لە مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتی هاوبەشدا لەگەڵمان وەستاون."
لە کۆتاییدا، بن یوسف جەختی کردەوە کە ئەم هەڵوێستە تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقی و ستراتیژییە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتییە مرۆییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی گەلی کورد لە هەڵمەتەکانی جینۆساید و پێشێلکارییە بەردەوامەکان.