وەزیری دەرەوەی تورکیا، داوا دەکات کە هەفتەیەک ئاگربەستی نێوان هەسەدەو حکومەتی سوریا درێژبکرێتەوە تا زیندانییەکانی داع-ش دەگوازرێنەوە بۆ عێراق.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی "ئۆن زە ریکۆرد" کە لە ژمارەیەک دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی پەخش دەکرێ، پاڵپشتیی ئەنقەرەی بۆ حکومەتی کاتیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دووپاتکردەوە.
فیدان کە بەنەیاری سەرسەختی کورد ناسراوە ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا ببێتە خاوەنی مافی تەواوی هاووڵاتیبوون، بێ ئەوەی لەژێر هەژموونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا بێت.
سەبارەت بە پرسی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هاکان فیدان گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ئاسایشی تورکیا ناوبرد.
هاکان فیدان رەخنەی لە سیاسەتی ئیدارەی باراک ئۆباما گرت بەهۆی هاوکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش و وتی، "ناکرێ دێوەزمەیەک بە دێوەزمەیەکی دیکە لەنێو ببەیت." ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکی راستکردنەوەی ئەو "هەڵە مێژووییەی" سیستمی ئەمریکایە.
ئەوە لە کاتێکدایە سبەی شەممە ٢٤ ی کانوونی دووەم ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریان کە چوار رۆژبوو، تەواو دەبێت.