سوپای ئەمریکا مانۆڕی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات

سوپای ئەمریکا ئەمریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا، و لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، مەشقێکی ئاسمانی چەند ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات.

لیوا دێریک فرانس، فەرماندەی هێزی ئاسمانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند "ئەم مانۆڕانە ڕێگە بە کارمەندانی سەربازی دەدەن توانای خۆیان نیشان بدەن بۆ جێگیرکردن و کارپێکردن و ئەنجامدانی گەشتە شەڕکەرەکان لە بارودۆخێکی سەختدا، بە وردبینی و سەلامەتی، و بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکان."

ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە ئەمرؤ سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە کەشتی ئابراهام لینکۆڵن گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا کە "کەشتییەکە بەرەو ئێران دەڕوات” و ئاماژەی بە ئەگەری کردەی سەربازی کرد.

لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا شوێن و ماوەی و جۆری ئەو کەرەستە سەربازییانەی لە مەشقەکاندا بەکارهێنراون، دیاری نەکردووە.

لای خۆشییەوە سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە بڵاوی کردەوە کە " ترەمپ هێشتا بیر لە بژاردەکانی خۆی دەکات سەبارەت بە ئێران، بێ ئەوەی هێشتا بڕیاری کۆتایی بدات".

گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دوای ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران زیاتر بووە.

ترامپ پێش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ڕابگەیەنێت کە ئێران "دەیەوێت قسە بکات"، هۆشداری دابووە تارانی سەبارەت بە بەردەوامبوونی "کوشتنی خۆپیشاندەران" و ئاماژەی بە ئەگەری دەستوەردان کردبوو، ئەمەش دەرگای بەڕووی ڕێگایەکی دیپلۆماسی ئەگەری کردەوە.

لەبەرامبەردا ئێران قسەکانی خۆی پەرەپێداوە و هۆشداریشیداوە کە هەر هێرشێکی ئەمریکا بەرەوڕووی وەڵامێک دەبێتەوە کە دەتوانێت هەموو ناوچەکە تێکبدات.




AM:09:37:28/01/2026