سەرۆکی فەرەنسا، پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی هەریەکە لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد، بەبۆنەی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی تۆکمە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی.
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بۆ یەکخستنی ئاشتیانەی هێزەکان، وەرچەرخانێکی گرنگە و فەرەنسا بە تەواوی پشتگیری لە جێبەجێکردنی دەکات.
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیری لە سوریایەکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو و سەقامگیر دەکات.
باسی لەوەش کرد کە دەبێت سوریای داهاتوو شوێنێکی ئارام بێت و ڕێز لە مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان بگرێت، هاوکات بە تەواوی پابەند بێت بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی تیرۆر، کە ئەمە بە لایەنی هەرە لەپێشینەی سیاسەتی فەرەنسا دادەنرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ماکرۆن دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی گەلی سوریا.
ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکار بێت لەسەر ڕێگای چەسپاندنی دادپەروەری و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە، تاوەکو سوریا بگاتەوە بە قۆناغی گەشەسەندن و سەقامگیری تەواو.