پەرلەمانی هۆڵەندا، هەینی ٣٠ی کانونی دووەم، بە زۆرینەی ١٤٦ دەنگ بەرامبەر تەنها ٣ دەنگ، بڕیارێکی توندی لە دژی پێشێلکارییەکانی حکومەتی سووریا پەسەند کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر سزادانی سیاسی و دارایی دیمەشق دەکرێتەوە.
بڕیارەکە بە فەرمی دانی ناوە بەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر کوردانی حەلەب و گەمارۆدانی کۆبانێ کراون، لەگەڵ سەرکۆنەکردنی بڕینی ئاو، کارەبا و هێڵەکانی پەیوەندی.
پەرلەمان ڕایگەیاندووە'' ئەم کارانەی دیمەشق پێشێلکردنی ڕاشکاوی ئەو مەرجانەیە کە ئەوروپا بۆ پشتیوانی دارایی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دیاریی کردووە.''
حکومەتی هۆڵەندا پابەند کراوە کە لە ناو یەکێتی ئەوروپادا کار بکات بۆ سەپاندنی توندترین گوشار و توندکردنەوەی مەرجە داراییەکان لەسەر سووریا.
داوا کراوە هەموو جۆرە پشتگیرییەکی دارایی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی ناوەندی ڕابگیرێت، مەگەر حکومەت لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەمینەکان پاشەکشە بکات.