حکومەتی ئەمریکا داخرا

دوای ئەوەی کۆنگرێس بودجەی ٢٠٢٦ی پەسند نەکرد، حکومەتی ئەمریکا داخرا، بەڵام داخرانەکە هەموو حکومەت ناگرێتەوە و تەنیا کاریگەری لەسەر بەشێک لە دامەزراوەکانی دەبێت.


دوایین ماوەی بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٦ کۆتایی هات، بەڵام دیموکراتەکان و کۆمارییەکان رێککنەکەوتن و هەربۆیە حکومەتی ئەمریکا داخرا، داخرانەکە هەموو حکومەت ناگرێتەوە و تەنیا کاریگەری لەسەر بەشێک لە دامەزراوەکانی دەبێت.

چاوەڕوان دەکرێت، لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبێتەوە و رێککەوتنێک پەسند بکات کە ئەنجوومەنی پیران پشتیوانی لێدەکات، ئەمەش هیوای ئەوە دەدات کە ببێتەهۆی کردنەوەی حکومەت.

ئەم پچڕانەی بودجە دوای شکستهێنانی گفتوگۆکان هات کە هۆکارەکەی تووڕەیی دیموکراتەکان بوو لەسەر کوژرانی دوو خۆپێشاندەر لە شاری مینیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا، لەلایەن پۆلیسی (ICE)ـی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران، ئەمەش گفتوگۆکانی لەبارەی تەرخانکردنی پارەی نوێ بۆ وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی پەکخست.

دوایین جار رۆژی ١-١٠-٢٠٢٥ بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان و رێکنەکەوتنی کۆنگرێس و کۆشکی سپی لەسەر بودجە، حکومەتی ئەمریکا داخرا.

داخرانی ئەمجارەی حکومەتی ئەمریکا دەبێتە ١٦ـیەمین داخران لە ساڵی ١٩٨١ەوە و پەککەوتنی راگەیاندنی ئامارە گرنگە ئابوورییەکانی ئەمریکا، سستبوونی گەشتە ئاسمانییەکان و وەستانی توێژینەوە زانستییەکانی لێدەکەوێتەوە.

دوایین داخران بووە هۆی ناردنەوەی ٧٥٠ هەزار کارمەندی فیدراڵی بۆ ماڵەوە بەشێوەیەکی کاتی، کە کۆی مووچەی رۆژانەی ئەو کارمەندانە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.



AM:09:54:31/01/2026