بەرپرسانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رایانگەیاند" بەهۆی داڕمانی کانگایەکی گەورەی "کۆڵتان” لە ناوچەی رووبایا لە رۆژهەڵاتی وڵات، کارەساتێکی مرۆیی گەورە ڕوویداوە و تا ئێستا ٢٢٧ کەس گیانلەدەستداوە".
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕووداوەکە لە ناوچەی ڕووبایا ڕوویداوە. بە وتەی بەرپرسانی ناوچەکە، زەوی لەرزینەکە بووەتە هۆی داڕمانی کانەکە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کانگەران، ژنان و منداڵانی ناو بازاڕی نزیک کانەکە بوونەتە قوربانی. هەرچەندە هەندێک کەس بە برینداری رزگارکراون، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان لە هەڵکشاندایە.
ئەم کانەیە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکان لە جیهاندا، چونکە نزیکەی سەدا ١٥ی "کۆڵتان”ی جیهان دابین دەکات. ئەم کانزایە پرۆسێس دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی "تانتالۆم” کە لە دروستکردنی مۆبایل، کۆمپیوتەر، پێکهاتەکانی فڕۆکە و غازدا بەکاردێت و خواستێکی جیهانی زۆری لەسەرە.
لە ساڵی٢٠٢٤وە، ئەم ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی یاخیبووانی (M23)دایە. کرێکارانی ناوچەکە بە شێوازێکی سەرەتایی و دەستی (Artisanal mining) لەم کانەیانەدا کاردەکەن و رۆژانە تەنیا چەند دۆلارێکی کەم وەک کرێ وەردەگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەردەوامی داڕمان و نەبوونی مەرجە ڕێکارەکانی سەلامەتی دەبێتەوە.