ڕۆژنامەی ئیسڕائیل هایۆم ڕۆژی شەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی کەرتی فڕۆکەوانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامادەکاری بەرفراوان بۆ ئەگەری پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە دژی ئێران لە ئارادا بووە.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە " ئەم ئامادەکاریانە بریتی بوون لە گفتوگۆکردن لەسەر سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر هەندێک گەشت و داڕشتنی پلانی ئەگەری گواستنەوەی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی دەرەوەی وڵات لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی ئەمنی".
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ فڕۆکەخانە بیانییەکان دەکرێت بۆ دابینکردنی شوێنی وەستان بۆ فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ئەگەر ڕێنمایی نوێ لە دەزگا ئەمنییەکان یان دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانییەوە وەربگیرێت.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شموێل زەکای، سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیسرائیل هۆشداریی بە هێڵە ئاسمانییە بیانییەکانی دابوو کە ئەم کۆتایی هەفتەیە قۆناغێکی گرنگ دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل و تایمز ئۆف ئیسرائیل، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئیسرائیل نامەیەکی بۆ هێڵە ئاسمانییە بیانییەکان ناردووە و تێیدا ئەگەری داخستنی دووبارەی ئاسمانی ئیسرائیلی بەدوور نەگرتووە، وەک ئەوەی لە کاتی پێکدادانەکانی پێشووی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوویدا.
بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، تەلئەبیب ترسی هەیە لە هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێرانەوە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا و هەر بۆیە هەوڵدەدات وردەکارییەکانی هەر هێرشێکی سەربازی لەگەڵ ئەمریکادا هەماهەنگی بکات.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، گروپی هێڵی ئاسمانی ئەڵمانی لوفتانزا، پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گەشتە شەوانەکانیان بۆ تەلئەبیب تا ٣ی شوبات درێژ دەکەنەوە.
هەروەها گروپی هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەش لەخۆدەگرێت، لەوانە هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی سویسرا، هێڵی ئاسمانی نەمسا، هێڵی ئاسمانی بروکسل و یۆرۆوینگز.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەماوەی یەک هەفتەدا ئەمریکا چەندین کەشتی و فڕۆکەی جەنگی و هێزی دەریایی لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکی ئێران جێگیر کردووە و گرژییەکان لە نێوانیاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و چەبدینجاریش سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ هەڕەشەی " هێرشی نیزامی " لە ئێران کردووە و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارنی ئێران دەڵێن" بچوکترین هێرش وەڵامێکی تووندی دەدرێتەوە".
لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا، شەڕێکی ١٢ ڕۆژەی دژی ئێران دەستپێکرد و شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی کردە ئامانج و سەرکردە و زانایانی تیرۆر کرد، هاوکات ئێرانیش بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیلی کردە ئامانج.