ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش پێشوازی لەو ڕێککەوتنە کرد کە لە نێوان حکوومەتی کاتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، و داوای کرد بە پەلە جێبەجێ بکرێت.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندنێکدا لە بارەی ئەو رێککەوتنەوە دەڵێت" هیوادارم پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەتایبەتی سەبارەت بە تێکەڵکردنەوەی ئاشتییانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد، گەڕانەوەی ئارام و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان، و کارکردن بۆ بنیاتنانەوەی وڵات".
بەیاننامەکە کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی پابەندییەکان و گرنگیدانی تەواو و لەپێشینە بە سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە کردەوە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی پاراستنی مەدەنییەکان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانە بۆیان.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە سووریا پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست کرد و داوای بەردەوامبوونی هەوڵەکانی کرد بۆ پاراستنی مەدەنییەکان، لەوانەش ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دانیشتووانە ئاوارەبووەکە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
لیژنەکە جەختی لە پێویستی پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی کردەوە لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی داهاتوودا، هەروەها جەختی لەسەر پاراستنی ژێرخانی مەدەنی کردۆتەوە.