عەلی لاریجانی: هەوڵ بۆ دانوستان هەیە لەگەڵ ئەمریکا

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە پێچەوانەی ئەو هەواڵ و وروژاندنە میدیاییانەی لە ئارادان، کار لەسەر چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان دەکرێت و لە حاڵەتی گەڵاڵەبووندایە.

عەلی لاریجانی، لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە "ئێکس" جەختی لەوە کردووەتەوە، پڕۆسەی ئامادەکاری بۆ گفتوگۆکان لە پشت پەردەی میدیاکانەوە بەردەوامی هەیە و نابێت هەڵمەتە میدیاییەکان وەک ڕاستی ڕەها لەسەر بنبەستی دانوستانەکان سەیر بکرێن.

لێدوانەکەی لاریجانی لە کاتێکدایە کە چاودێران بە وردی چاودێری جوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران دەکەن، و قسەکانی ئەو وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵە جدییەکان لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆزە لێکدەدرێتەوە کە لە ناوچەکەدا دروست بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکان دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە و بەرەبەیانی یەکشەممە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، وەک وادەی ئەگەری بۆ وەشاندنی گورزە سەربازییەکە دیاریکراوە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، واشنتۆن بە شێوەیەکی نهێنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئامادەباشی تەواودا بن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئامادەکارییە لۆجیستییەکان کۆتایییان هاتووە.




PM:11:38:31/01/2026