عەلی خامنەیی: ئەمریکا ناتوانێت ئێران قوتبدات


ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت "ئێران بە پتەوی وەستاوە و ڕێگری دەکات" لە هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەریان.

یەک شەممە، ١ شوباتی ٢٠٢٦، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند "ئەم رووبەڕووبوونەوەیە زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەیە، بە بڕوای من کێشەکە لە دوو وشەدا کورت دەکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئەمریکا دەیەوێت ئێران قووت بدات، بەڵام گەلی بەهێزی ئێران و کۆماری ئیسلامی بەربەستن".

"زیاتر لە ٣٠ ساڵ ئەمریکییەکان لە ئێران بوون، نەوت، سامان و ئاسایشی وڵات لە دەستی ئەوان بوو، ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە و دووبارە هەمان بارودۆخی سەردەمی پەهلەوی دروستبکەنەوە، بەڵام ئێران بە پتەوی وەستاوە و رێگری دەکات"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران وا دەڵێت. 

لە کۆتایی قسەکانیدا عەلی خامنەیی وتویەتی"لە بەرامبەر ئەو کەسەی چاوی تەماحی بڕیبێت و بیەوێت هێرش بکات، خەڵکی ئێران مشتێکی بەهێزی لێدەدات، با ئەمریکییەکان ئەوەش بزانن، ئەگەر ئەم جارە شەڕێک هەڵگیرسێنن، ئەو شەڕە دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی".

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندا"کەشتیی زۆر بەهێزمان بەڕێکردووە و ئێرانییەکان بە جیدی گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن".




PM:04:54:01/02/2026