وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکرایەوە'' ئامادەیی تارانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و یەکسان" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوپاتکردەوە.''
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا بگەنە جۆرە ڕێککەوتنێک کە گەرەنتی ئەوە بکات وڵاتەکەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەو مەرجەی مافە نێودەوڵەتییەکانی ئێران پارێزراو بن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر تاران بێت.
هەروەها پێویستە واشنتن دان بە مافی ئێراندا بنێت بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیانە، وەک بەشێک لە مافە سەرەتاییەکانی وڵاتەکەی لە بواری وزەی ناوکیدا.
لە پاڵ دەربڕینی ئامادەیی بۆ دیپلۆماسی، عێراقچی هۆشدارییەکی توندیشی دا و ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی بۆ ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان و هەڵگیرسانی شەڕ ئامادەیە.
وتیشی" شەڕ بۆ هەموولایەک کارەسات دەبێت و ئەگەر ڕووبدات، ئەوا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانج و مەودای ململانێکان لە سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن، عێراقچی دانی بەوەدا نا کە تاران متمانەی بە ئەمریکا وەک هاوبەشێکی دانوستان لەدەستداوە.