سوەیدا.. شەڕی دورزییەکان و سوپاکە سوریا دەستیپێکردەوە

ئێستا لە ڕۆژئاوای پارێزگای سوەیدا، شەڕێکی قورس و دەستەویەخە لەنێوان هێزەکانی "پاسەوانی نیشتمانیی دوورزییەکان" و یەکەکانی سوپای سووریا دەستیپێکردووەتەوە.

 
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، هەردوولا چەکی قورس و مامناوەند لە پێکدادانەکاندا بەکاردەهێنن، ئەمەش دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزیی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دێت کە دۆخەکەی گەیاندووەتە خراپترین ئاستی.

تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، لە سەرانسەری پارێزگای سوەیدا کوژرانی نزیکەی ١٩٤ کەس بەهۆی هێرشی سوپای سوریا تۆمار کراون بەڵام ئاماژە بەوەدەکرێت کە ژمارەی کوژراوان زۆر لەوە زیار بووە. 

چالاکوانانی ناوخۆیی هۆشداری دەدەن کە ئەگەر سوپای سووریا هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە بکات، ئەوا ئەگەری هەیە شەڕەکە پەرەبسێنێت بۆ ناوەندی شاری سوەیدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرووپە دوورزییەکان جەخت دەکەنەوە کە ڕێگە نادەن هیچ هێزێکی دەرەکی یان سوپای حکومەت کۆنترۆڵی جومگە ئەمنییەکانی پارێزگاکەیان بکاتەوە.





AM:12:12:02/02/2026