ڕۆژنامەی مەعاریڤی ئیسرائیلی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند" سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە واشنتۆن گفتوگۆیەکی چڕیان لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا ئەنجامداوە، ئەمەش بەشێکە لە هەماهەنگییەکی ئەمنی بە ئامانجی ڕوونکردنەوەی دەرئەنجامەکانی هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر ئێران، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فشار دەخاتە سەر تاران بۆ پابەندبوون بە داواکارییە "توندەکان".
بەپێی ڕاپۆرتەکە، " ئەیال زەمیر بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی کە لە فەرماندەی تازە دەستنیشانکراوی هێزی ئاسمانی، لیوا عومەر تیشلەر و سەرۆکی بەشی پلاندانان، جەنەڕاڵ هادی سیلبێرمان، سەفەری بۆ واشنتۆن کردووە و شاندەکە لەگەڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا کۆبوونەتەوە".
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، " تەلئەبیب هەوڵیدا دەرئەنجامەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ڕوون بکاتەوە یان خۆی لە هێرشێکی سەربازی بەدوور بگرێت، هەروەها زانیاری هەواڵگریی نوێشی لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکانی لەگەڵ تاراندا پێشکەش کردووە".
ڕۆژنامەی مەعاریڤ بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە" سەرۆک ترامپ داوای پێنج مەرجی سەرەکی لە ئێران کردووە، ئەوانیش ڕادەستکردنی نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستیکییەکانی، وەستاندنی بەرنامەی مووشەکییەکەی، و کۆتاییهێنان بە پشتیوانیکردنی لە بریکارەکانە چەکدارەکانی لە یەمەن، عێراق، سوریا و لوبنان".
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد:" ئیسرائیل لەوە تێدەگات کە ئێران ئامادە نییە بەکۆمەڵ یان تاکەکەسی ئەم داواکاریانە تاوتوێ بکات"، ئاماژەی بەوەشکرد کە " قۆناغی ئێستا بە دواخستن دیاری کراوە".
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، واشنتۆن دوو بژاردە لەبەرچاو دەگرێت و هیچ بژاردەی سێیەمی نییە: یان پەنابردنە بەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی یان پاشەکشەکردن بە شێوەیەک کە مەترسییەکە بۆ تەنیا "هەڵکشانی هەڕەشەکانی زارەکی" کەم بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، چاپی عەرەبی گۆشەلیم پۆست لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە کە " ئەم هەفتەیە بەدووری نازانرێت هێرش بکرێتە سەر ئێران".
بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، " واشنتۆن بیر لە هەنگاوەکانی داهاتوو دەکاتەوە و ئەمەش قۆناغێکی هەستیارە".
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە کە "پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا ستراتیژی و بەردەوامە، بەڵام بۆشایی هەیە کە پلاندانانی ئیسرائیل ئاڵۆزتر دەکات."
ڕۆژنامەکە لە درێژەی قسەکانیدا و نووسیویەتی: "کەلێنەکانی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن لە جیاوازیی زانیارییەکانی بەردەست و شێوازی هەڵسەنگاندنی مەبەستەکان و توانای سنوورداری ئیسرائیلدایە بۆ کاریگەریکردن لەسەر بڕیارەکان لە کاتی ڕاستەقینەدا."
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هۆشدارییان دا کە هەر کشانەوەیەکی ئەمریکا لە کۆتا خولەکدا دەتوانێت ببێتە هۆی "دۆخێکی مەترسیدارتر" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی کاریگەری ئێران و بریکارەکانی لەوان حزبوڵڵا و حوسییەکان و دامەزراندنی تاران وەک "سەرچاوەی سەرەکی تیرۆری جیهانی".