عەباس عێراقچی: ئەمریکا داوای دانوستان دەکات و ئێمەش ئامادەین

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتی سەردانیکردنی مەزارگەی خومەینی، ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی هیچ کاتێک دەرگای دیپلۆماسی دانەخستووە و ئێران "پیاوی جەنگ و دیپلۆماسییە" و ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن.''

عەباس عێراقچی، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت دانوستاندنەکان لەسەر بنەمای "ڕوانگەیەکی یەکسان، ڕێزگرتنی بەرامبەر و بەرژەوەندی دوولایەنە" بن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، دوای شکستی هەوڵەکانی پێشووی ئەمریکا لە ناوخۆی ئێران، ئێستا واشنتن داوای چارەسەری دیپلۆماسی دەکات. 

عێراقچی پەیامێکی توندی ئاڕاستەی کۆشکی سپی کرد و وتی " دیپلۆماسی لەگەڵ هەڕەشە، تۆقاندن و گوشاردا یەکناگرێتەوە و هەر لایەنێک بە زمانێکی بەڕێزانە مامەڵە لەگەڵ گەلی ئێران بکات، بە هەمان شێوە وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام هەڕەشەکان بە تووندی بەرپەرچ دەدرێنەوە.'''

هاوکات، لەگەڵ لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەڵوێستێکی ڕوونی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە نیشاندا. ئەنجوومەنەکە ئاشکرای کرد کە حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی دەستکەوتە ئەتۆمییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەردا.

ئەم لێدوانە دیپلۆماسییانەی تاران لە کاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی سەربازی گەورە و کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە. 




PM:07:40:02/02/2026