ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا لە پڵاتفۆڕمی "ئێکس" ڕایگەیاند'' خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بە پلان و هاندانی راستەوخۆی ئەمریکا بووە.''
عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە تەنها بانگەشە نییە و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ وەک بەڵگە دەهێنێتەوە کە داوای لە خۆپێشاندەران کردووە بەردەوام بن و بەڵێنی پشتیوانی پێ داون.
وتیشی'' سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا بە ئاژاوەگێڕانی دەگوت بەردەوام بن، دێم بۆ یارمەتیدانتان."
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە زیانە مرۆییە قورسەکان دەکات، بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاوەکو ئێستا کوژرانی ٦٨٤٢ کەس بە بەڵگەوە پشتڕاست کراوەتەوە، کە ١٤٦یان منداڵن. هەروەها باس لەوە کراوە کە زیاتر لە ١١ هەزار کەس بریندار بوون و ٤٩ هەزار کەسیش لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون.
جگە لەو ژمارانەی کە بە فەرمی پشتڕاست کراونەتەوە، ڕێکخراوی "هرانا" ئاشکرای کردووە کە هێشتا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی زیاتر لە ١٧ هەزار کەسی دیکە دەکەن کە گومانی کوژرانیان لێ دەکرێت، بەڵام هێشتا بەڵگەی تەواوەتییان لەبارەوە کۆ نەکراوەتەوە.
ئامارەکانی مافی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ داتاکانی حکومەتی ئێران هەیە. ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی قوربانییانی بە زیاتر لە ٣ هەزار کەس ڕاگەیاندووە. لە لایەکی دیکەوە، بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، حکومەت دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی ناسنامەی کوژراوەکان.