ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە ئێران داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کردووە شوێنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی لە ئیستانبوڵی تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ شاری مەسقەت پایتەختی عومان.
رۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە هاوتاکانی خۆیەوە کردووە لە تورکیا، عومان، قەتەر و کوێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
ماڵپەڕە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێرانییەکان " دەیانەوێت دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بکەن بەبێ ئامادەبوونی وڵاتانی دیکە و ئامادەن گفتوگۆکان لە ئیستەنبوڵەوە بگوازنەوە بۆ پایتەختی عومان".
ماڵپەڕەکە هەروەها ئاشکرای دەکات کە " ئێران بەم دواییانە پاش بانگهێشتکردنی چەند وڵاتێک بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکاندا لە لێکتێگەیشتنەکان کشاونەتەوە".
ڕاپۆرتی ئەم ماڵپەڕە ئەمریکییە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە "ئێران دەیەوێت شوێن و شێوازی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ واشنتۆن بگۆڕێت".