جێگری گشتی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی پرۆسەی "ئاشتی" لە باکوری کوردستان و تورکیا قسەی بۆ میدیاکان کردوە و ئاماژە بەوەدەکات هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەکە تەواو دەبێت و دەڵێت "بوون یان نەبوونی بە پڕۆژەیاسا لە دەسەڵاتی پەرلەمانی تورکیایە".
چوار شەممە، ٤ شوباتی ٢٠٢٦، فەتی یڵدز، جێگری گشتی سەرۆکی مەهەپە و ئەندامی "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە بۆ پرۆسەی "ئاشتی" لە پەرلەمانی تورکیا دامەزراوە، ڕایگەیاند "دەقێکی گشتگیر ئامادە دەکەین و بوون یان نەبوونی بە پڕۆژەیاسا لە دەسەڵاتی پەرلەمانی تورکیایە، ئەگەر لە پەرلەمان رێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکاندا بکرێت، دەکرێ پێشنیازەکە ببێتە یاسا، پرۆسەی یاسادانانەکە کاتێکی زۆری ناوێت".
ئەو بەرپرسەی مەهەپە لەبارەی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردوە " لەسەر مافی هیوا ڕێککەوتووین، هیچ کێشەیەک نییە و لە ڕاپۆرتەکەدا جێگیر دەکرێت، و پێویستە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی تورکیا جێبەجێ بکرێن، ئەگەر دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلکارییەک دەستنیشان بکات و هەڵسەنگاندنێکی روون بۆ ئازادکردنی هەبێت، دەبێت ئەوە جێبەجێ بکرێت".
ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسە لە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ، ٣ شوبات، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وتی " تاوەکو ئەو کاتەی ئانادۆڵ بە ئارامی، ئۆجەلان بە هیوا، ئەحمەدەکان بە پۆست و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە".