مافی مرۆڤی ئێران: خۆپیشاندەرە بریندارەکان بە کۆمەڵ لەسێدارە دراون

بەرپرسی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرایدەکات بە هەزاران خۆپیشاندەر لە زیندانەکان و دامەزراوە نهێنییەکانی سوپای پاسداران ڕاگیراون و مەترسیی لە سێدارەدانیان لەسەرە، دەشڵێت: هەندێک لە خۆپیشاندەرانی برینداربوو بەکۆمەڵ لەسێدارە دراون.

مەحموود ئەمیری موقەدەم بەرپرسی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەربارەی بارودۆخی خۆپیشاندانە دەستبەسەرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ بەمجۆرە زانیاریی خستەڕوو, ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تیرۆرەوە ڕێگری بکات لە درووستبوونی شەپۆلی نوێی ناڕەزایی، هەروەها لە سێدارەدان کاریگەرترین ئامرازی ئەم ڕژێمەیە بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا.

ناوبراو دەڵێت: بە هەزاران خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراو لە زیندانەکان و دامەزراوە نهێنییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕاگیراون، لە دەستڕاگەیشتنی پارێزەر و بینینی خێزانەکانیان بێبەشکراون و لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا دەژین، ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێن بوون و مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

باسی لەوەشکرد، هەندێک لە خۆپیشاندەرانی برینداربوو لە زینداندا بەکۆمەڵ لەسێدارە دراون یان بە ئەنقەست لە چارەسەری پزیشکی بێبەشکراون و گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەش بەشێکیان لەسێدارە دراون.

ناوبراو داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستبەجێ بەپێی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی کار بکات بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکان.




PM:04:50:05/02/2026