عەباس عێراقچی: دەستبەرداری مافەکانمان نابین و بە توندی بەرگرییان لێ دەکەین

ئەمڕۆ هەینی، ٦ی شوباتی ٢٠٢٦، بڕیارە خولێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە وڵاتی عوممان بەڕێوەبچێت. ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان چاوەڕێی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەکەن.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی لایەنی بەرامبەر کرد و ڕایگەیاند'' ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافەکانمان نابین و بە توندی بەرگرییان لێ دەکەین." 

جەختی کردەوە، ئێران بە چاوکراوەیی و نیەتێکی باشەوە دەچێتە سەر مێزی دانوستان، بەڵام ئەمە بە واتای پاشەکشە لە بنەما نەتەوەییەکان نایەت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە سەرکەوتنی هەر ڕێککەوتنێک بەندە بە پابەندبوونی لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان. 

عێراقچی وتی'' پێویستە لایەنەکان ڕێز لە پابەندبوونەکانیان بگرن، یەکسانی، ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندی هاوبەش تەنها دروشم نین، بەڵکو کۆڵەکەی هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوامن."

هەڵبژاردنی عوممان وەک ناوبژیوانێکی دێرین و ئەنجامدانی دانوستانەکان لەم کاتەدا، ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی نوێی دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. 




AM:09:44:06/02/2026