عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند: ئێمە هێرش ناکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە دەکەینە ئامانج؛ جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەم دوو بابەتەدا هەیە.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە وتی: ئەگەر واشنتۆن هێرش بکاتە سەرمان، ئەگەری هێرشکردنە سەر خاکی ئەمریکا نییە، بەڵام ئێمە هێرش دەکەینە سەر بنکەکانیان لە ناوچەکە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شەممە ئیبراهیم رەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە دانوستاندنی دوێنێی نێوان تاران و واشنتۆن کە لە مەسقەتی عومان بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئەستەمە پرسەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن.
ئیبراهیم رەزایی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی، ''نابێت بە لاوازی لەگەڵ دوژمن قسە بکرێ. دوژمنێک کە بەردەوام هەڕەشەمان لێدەکات، بە زمانی نەرم و بە دەرکەوتنی لاوازی ئێمە پاشەکشە ناکات. بۆیە بە کاریگەربوونی دیپلۆماسی لە ئێستادا گەشبین نیم.''
ئەو گەڕەی دانوستاندنی تاران و واشنتن لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ناردووەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ بەردەوام هۆشداری دەدات ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، ''شتی خراپ'' روودەدات.
جگە لە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمریکا داوای سنووردارکردنی توانای موشەکیش لە ئێران دەکات. وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمان رایگەیاند، "دەستبەرداربوونمان لە توانای موشەکی، گاڵتەجاڕانەیە. هیچ مرۆڤێکی ژیر ئەو مووشەکەی کە گەرەنتیکاری ئاسایشی نیشتمانییە، رادەستی دووژمنەکەی ناکات."
ئیبراهیم رەزایی وتی، ''هیچ کات دەستبەرداری توانای مووشەکیمان نابین. ئەگەر مووشەکمان نەبووایە، تاوەکو ئێستا دووژمن ئێرانی وێران کردبوو.''
لە مەسقەت شاندی ئەمریکا لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتی دەکرا و شاندی ئێرانیش لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.
قسەکانی رەزایی لەکاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆی نێوان ویتکۆف و عێراقچی بە ''زۆرباش'' ناوبرد و رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.