بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بنیامین نەتەنیاهح سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دەرەنجامی ئەو دانوستانە ناڕاستەوخۆیانەی کە لە نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوون.
ئەم دیدارە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینی لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە عوممان کۆبوونەوە و نەتەنیاهۆ دەیەوێت لە نزیکەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا تاوتوێی وردەکارییەکان بکات چونکە ئیسرائیل نیگەرانییەکی زۆری لە بارەی هەر ڕێککەوتنێکی نوێ هەیە کە بەرژەوەندییەکانی تێدا ڕەچاو نەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم سەردانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا تەنیا لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمیدا نەمێنێتەوە و بابەتە هەستیارەکانی وەک سنووردارکردنی مووشەکی بالیستیکی و ڕاگرتنی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی تاران بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
هاوکات، ئەو گفتوگۆیانەی عوممان بە یەکەمین دانوستانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت لە دوای ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا کردیانە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران