وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵکو ئامادەیە بۆی ئەگەر بەسەریدا بسەپێندرێت. ناوبراو جەختی لەسەر پابەندبوونی تاران بە ڕێبازی دیپلۆماسی و ڕەتکردنەوەی هەر دیکتاتۆرێکی دەرەکی، کردەوە و وتیشی" پیتاندنی یۆرانیۆم مافی خۆمانە وبۆ دانوستان نابێت".
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوەدا کە "ئەگەر لایەنی بەرامبەر دیپلۆماسی هەڵبژێرێت، ئێران هەڵیدەبژێرێت" و جەختی لەوە کردەوە کە "وڵاتەکەی ئامادەیە وەڵامی هەر پرسیارێک بداتەوە لە چوارچێوەی دانوستانەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، بەبێ ئەوەی ملکەچی فشار یان هەژموونی هیچ لایەنێک بێت".
سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە "تاکە ڕێگای بەرەو پێشەوە بۆ لایەنی بەرامبەر دانوستانە” و "بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامانجەکانی نەپێکاوە”.
عێراقچی بە توندی هەر بانگەوازێکی بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر ڕەتدەکاتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە مافی ئێمەیە و بۆ دانوستان نابێت و وتیشی" ئێمە پێداگری لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەین چونکە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە ئێمە بڵێت کە چی بکەین".
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند" ئێران بە توندی پێداگری لەسەر مافی خۆی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی پەرەسەندن یان شەڕیش".
جگە لەوەش، مەسعوود پزکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە " گەلی ئێران بە ڕێز و کەرامەتەوە وەڵامی دەدەنەوە و زمانی هەڕەشەی هێز قبوڵ ناکەن".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە."