"لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ٢٠٧ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون"


هەڵمەتی 'سێشەماکانی نا بۆ سێدارە' ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی ئامارەکانی لە سێدارەدان لە ماوەی مانگی ڕابردوو تا ئێستا بڵاوکردوەتەوە کە ژمارەیان ٢٠٧ کەسە.

سێ شەممە، ١٠ شوبات، ٢٠٢٦، 'سێشەماکانی نا بۆ سێدارە' لە هەفتەی ١٠٧ هەمینی چالاکیەکانیدا دژی سزای لە سێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند "لە مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٧ کەس لە سێدارەدراوە و لەو ژمارەیە دوو کەسیان ژن بوون، جگە لە سەدان و هەزاران زیندانی دەستگیرکراو کە ناویان ئاشکرا نەکراوە و مەترسی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زیندانیی سیاسیی کورد ناسر بەکرزادە بۆ جاری سێیەم سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە و مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە.

هەڵمەتی 'سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان'لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزراوە.




PM:03:15:10/02/2026