سیناتۆری دیاری ئەمریکیەکان لیندسی گراهام لە تۆڕی کۆمەڵایتەی ئێکس بە توندی وەڵامی وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان دەداتەوە دوای ئەوەی وتی "هیچ مەترسییەکی نزیکی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە" و گراهام دەڵێت " تۆ لە جیهانێکی خەوناویدا دەژیت".
لیندسی گراهام، سیانتۆری پارتی کۆمارییەکان، دوو شەممە، ٩ شوبات ٢٠٢٦، ڕایگەیاند "بۆ هاوپەیمانە بەناو ناوچەییەکانمان: ئەگەر بۆ ساتێک پێت وایە جێهێشتنی ئایەتوڵڵا و ڕژێمە بکوژەکەی لە دەسەڵاتدا بیرۆکەیەکی باشە دوای ئەو هەموو پاڵنەرەی گەلی ئێران، ئەوا تۆ لە جیهانێکی خەوناویدا دەژیت".
ئەم قسانەی لیندسی گراهام لەگەڵ بڵاوکردنەوەی قسەیەکی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدانە کە لە بارەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وتویەتی "بۆ ئێستا لانی کەم پێناچێت مەترسییەکی دەستبەجێی شەڕ هەبێت، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕێگریکردن لە کارەسات".
لیندسی گراهام نوسیویەتی "بۆ تورکیا، قەتەر، میسر و هاوشیوەکانیان، خواستی ئێوە بۆ هێشتنەوەی دۆخی ئێستا و پشتگوێخستنی داواکارییە دادپەروەرەکانی گەلی ئێران، بە بڕوای من، لە دەرەوەی یەکتردایە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئەمنیەتییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا و هاوکات لەگەڵ ڕەوشت و ڕەوشتی هاوبەشیشدا ناگونجێت".
سیناتۆرە ئەمریکیەکە لە بارەی توندوتیژیەکانی دەسەڵاتی ئێران لەبەرامبەر خۆپیشاندەران ئاماژەی بەوە کردوە کە"ئێستا کات تێپەڕیوە کە ئازایانە و یەکگرتووانە بەرامبەر ئایەتوڵڵای مرۆڤکوژ بوەستێنەوە، کە خەریکی سەربڕینی گەلەکەیە و نازییەکی ئایینییە".
"سەرۆک ترامپ وتی، بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی دەربڕین، هاوکاری لە ڕێگایە، لە دیوی ڕاستی مێژوودا دەبێت، من باوەڕم وایە پیاوی جێبەجێکردنی قسەکانی خۆیەتی"، لیندسی گراهام وا دەڵیت.
لە کۆتاییدا لیندسی گراهام نوسیویەتی "ئازادی بۆ ئێران".
لە ٢٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکان هەموو ڕێگایەکیان بەکارهێنا لە کوشتن و بریندارکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و بە پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت هەتا ئێستا هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکان دەدەن، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشبینی دەکەن بە سەدان هەزار کەس کرابنە قوربانی، بەڵام بە فەرمی تا ئێستا کوژرانی نزیکەی ٧ هەزار کەس پشتڕاستکراوەتەوە بە هەبوونی ناسنامەکانیان.