سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران "چەک و مووشەکی ئەتۆمی نابێت" و وێڕای ئەوەی ئاماژەی بەوەدا کە تاران بە توندی بەدوای ڕێککەوتنێکدا دەگەڕێت، هۆشداریدا لەوەی کە نەکردنی ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگە ببێتە "هۆی کردەوەی سەربازی."
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل،دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند" کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل "بەدوای ڕێککەوتنێکی باشدا دەگەڕێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەبێ ڕێککەوتن، کردەوەی سەربازی لە ئێران دەبێتە ئەگەرێک".
ڕوونیشی کردەوە کە چاوی لەوەیە پێش چاوپێکەوتن لەگەڵ نەتانیاهۆ بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەدیلەکە "رێوشوێنی زۆر سەخت دەبێت، وەک ئەوەی جاری ڕابردوو کردمان".
سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد: ئێرانییەکان بەڕاستی دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن، یان ئێمە ڕێککەوتنێک دەکەین، یان دەبێت کارێکی زۆر قورس بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد کە نەتانیاهۆ "نیگەرانی دانوستان نییە" و "دەیەوێت ڕێککەوتنێک بکات".
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئامادە دەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەکرێت، هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی "جەنگی دوانزە ڕۆژە" لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ ڕوویدا.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە بیر لە ناردنی کەشتییەکی تری فڕۆکەهەڵگر دەکاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ هێزی ئەرکەکەی کە چەندین فڕۆکەی تێکدەر لەخۆدەگرێت و وتی" ئێمە کەشتییەکمان لەوێ هەیە و ڕەنگە کەشتییەکی دیکەش لە ڕێگادا بێت".
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئێران هەینی ڕابردوو لە عومان دەستیان بە دانوستانەکانیان کردەوە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ دەستیپێکرد.
سەرەڕای دڵنیایی دووبارە لەسەر ئەوەی کە ئامادەیە بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا بەردەوام بووە لە بنیاتنانی ئامادەیی سەربازی خۆی لە ناوچەی کەنداو، کە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر تاران سەیر دەکرێت، لە هەمان کاتدا بژاردەی هەنگاوی خێرا لەسەر مێز دەهێڵێتەوە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.
لای خۆشییەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکان بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە لەگەڵ کەشتییەکی تری فڕۆکە هەڵگر لە ئارادایە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرسی ئێران.